|
هه‌ڵبه‌ستی گۆرانی- خۆشه‌ویستم
چیت ناوبنێم؟
خۆشه‌ویستم چیت ناوبنێم
كاتێ عه‌شقت وه‌ك ئاگره و
هه‌موو ساتێ ئه‌سوتێنێ, دڵه‌ی بێ جێم
رِێبوارێكی ماندوو نه‌ناس
وێڵ و ته‌نیا بۆ كوێ ئه‌رِۆی
به شوێنتا دێم
گه‌ر وون بی لێم ئه‌گرم شوێن پێت
وه‌ك په‌روانه به شوێنتا ئه‌گه‌رِێم
به شه‌وانیش وه‌ك خه‌رمانه
ده‌وری مانگی گۆنات ئه‌گرم
وه‌كو كاروانچییه‌كی وێڵ
به‌ره‌و لات دێم
هه‌وارگه‌ی من چاوه‌كانته
كاتێ هاتم مه‌پرسه لێم
من چیم و كێم
به‌ڵێ گوڵم به‌ته‌نیا تۆ
چاوه‌كانت بۆمن بۆته
هه‌وارگه‌و جێم
گه‌ر ون بی لێم ئه‌گرم شوین پێت
وه‌ك په‌روانه به شوێنتا ئه‌گه‌رِێم
هێنده وتم گوێ بگره لێم
زمان شكا
مانگ و خۆر‌و تا ئه‌ستێره‌ش
هاتنه تكا
هه‌تا كه‌ی له دووت بگه‌رِێم
به‌سه چی تر
چاوم بووه‌ته گۆمی خوێن و
له جوڵه‌ش كه‌وتن ده‌ست و پێم
گه‌ر وون بی لێم ئه‌گرم شوێن پێت
وه‌ك په‌روانه به‌شوێنتا ئه‌گه‌رِێم
تا كه‌ی, تا كوێ به شوێنتا بێم
هونراوه‌ی : مۆفه‌ق كه‌مال
ئاواز : ئاكۆ عه‌زییز
|