|
حه‌مه ره‌شید هه‌ره‌س |
((بۆچى گڵۆپێک ده‌بێت به‌هونه‌ر؟
بۆچى خانوویه‌ک ده‌بێت به‌هونه‌ر؟ ئه‌ى بۆچى ژیانمان نه‌که‌ین به‌هونه‌ر؟))
میشێل فوکۆ
هه‌ره‌س سه‌رله‌به‌رى ژیانى کردۆته هونه‌ر، هونه‌رێک له‌پێناوى مرۆڤدا، هونه‌رێک
هه‌ناسه بێت بۆ جه‌سته‌ى نه‌ته‌وه و بڵندگۆیه‌ک بێت بۆ ئازاره نه‌بڕاوه‌کانى گه‌ل.
ئه‌و وه‌ها ته‌ماشاى هونه‌ر ده‌کات ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌کى خودیى نییه‌و دابڕاو و ئه‌بستراکت
نییه له‌ژیانى کۆمه‌ڵ، به‌ڵکو لاى وى هونه‌ر ئیلهامى خۆى له‌قووڵایى کێشه‌و ژانه‌کانى
کۆمه‌ڵه‌وه وه‌رده‌گرێت، بۆیه هونه‌ره‌که‌ى هونه‌رێکى ڕووته ته‌نیاو ته‌نیا بۆ
مرۆڤ.
دروشمى ئه‌و هونه‌ر له‌پێناوى هونه‌ردا نییه به‌ڵکو هونه‌ر لاى ئه‌و تیرێکه
ئاراسته‌ى نیشانه ئینسانییه‌کان ده‌کرێت و له‌هه‌مان کاتدا هونه‌ر رێنوێنیکارو
پێشه‌نگى ژیانى مرۆڤه‌کانه.
به‌چاویلکه‌ى کۆنپارێزیى و له‌په‌نجه‌ره‌ى سه‌له‌فییه‌ته‌وه ناڕوانێته شانۆ به‌ڵام
به‌ناوى نوێگه‌ریشه‌وه هونه‌رى خۆى دانه‌ڕنیوه له‌به‌ها پیرۆزه‌کان و ژیانى
هاونیشتمانییه‌کانى. هونه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى گشتى له‌لاى ئه‌و په‌یامێکه که ده‌بێت
بگاته مرۆڤه‌کان نه‌ک ئه‌وه‌ى ته‌نیا خاڵیکردنه‌وه‌یه‌کى زاتى بێت.
هه‌ره‌س وا ته‌ماشاى هونه‌ر ناکات میکانیزمێکه بۆ بژێویى په‌یداکردن و خۆژیاندن به‌ڵکو
پێیوایه هونه‌ر زۆرجار پێویسته له‌پێناویدا بمرى و مردن له‌پێناوى گه‌یاندنى په‌یامى
هونه‌ردا به‌ژیان ده‌زانێت، به‌لاى ئه‌وه‌وه مردنى هونه‌رمه‌ند له‌پێناوى پاکژ
هێشتنه‌وه‌ى په‌یامه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ى زۆرچاکتره له‌ژیانێکى شاهانه له‌سه‌ر
حیسابى خنکاندنى به‌هاو په‌یامى هونه‌ر، بۆیه هه‌رگیز ئاماده‌نه‌بووه هێلکه‌ى خۆى
بخاته سه‌به‌ته‌ى هیچ ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه.
هه‌ره‌س وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکى شانۆکار
شانۆ لاى حه‌مه ره‌شید هه‌ره‌س هه‌ڵوێسته نه‌ک شتێکى تر، هه‌ڵوێستیش لایه‌نگیریى
کردنى هه‌میشه‌ییه له‌نه‌ته‌وه و مرۆڤه‌کان به‌بىَ جیاوازیى.
(برێخت) پێیوایه (هه‌ر گه‌لۆرێک بچێته سه‌رشانۆ له‌توانایدا هه‌یه بینه‌ر بخاته
گریان یان پێکه‌نین، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه بینه‌ر بکاته خاوه‌نى هه‌ڵوێست).
هه‌ره‌س نایه‌وێت له‌ڕێى شانۆوه چێژێکى که‌م خایه‌ن و ڕاگوزه‌ر بداته بینه‌ره‌کانى
به‌ڵکو خواستییه‌تى وا له‌بینه‌ر بکات بیربکاته‌وه‌و ببێته خاوه‌نی هه‌ڵوێستى خۆى.
لێره‌دا هونه‌ر ئامانج نییه، به‌ڵکو هونه‌ر هۆیه، هۆیه‌ک بۆ گه‌یاندنى په‌یامى
هونه‌رمه‌ند بۆ جه‌ماوه‌ره‌که‌ى. کۆى ئه‌و شانۆییانه‌ى هه‌ره‌س به‌ده‌رهێنان یان
نواندن تیایدا به‌شداربووه شانۆى سیاسى بوون، سیاسه‌ت له‌کاره هونه‌رییه‌کانى ئه‌ودا
به‌شێکن له خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تى، به‌شێکن له به‌شداریى شۆرشگێڕانه له‌خه‌باتى
ڕزگاریخوازیدا.
ئه‌دۆنیس-ده‌ڵێت (من هه‌رگیز نه‌مگوتووه هونه‌ر بۆ هونه‌ره، به‌ڵکو هونه‌ر بۆ
مرۆڤه، به‌ڵام هونه‌ر بۆ جه‌ماوه‌ر نییه). به‌ڵام له‌ساته‌وه‌ختێکدا هه‌موو ده‌رگاکانى
وتن و گوزارشت داخرابوون، شانۆ چه‌کێکى کاریگه‌ر بوو بۆ خه‌بات، زمانێک بوو بۆ
گوزارشت، هه‌ره‌س له‌و رۆژگاره تاریکانه‌دا هونه‌رى وه‌ک چه‌کێک به‌کارده‌هێنا، به‌پێچه‌وانه‌ى
دیتنى (ئه‌دۆنیس)ه‌وه هونه‌ر ئه‌وکاته بۆ جه‌ماوه‌ر بوو چونکه لێوه فێرى وانه‌کانى
یاخى بوون له‌ده‌سه‌ڵاتى سه‌رکوتکه‌ر و دیکتاتۆریى ده‌بوو، لێوه فێرى گیانى به‌رخۆدان
و خۆراگریى ده‌بوو.
ئه‌وىَ رۆژىَ هه‌ره‌س هونه‌رى ئاراسته‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌کردو چاکیش ده‌یزانى چۆن له‌وه‌ته‌رى
هه‌ره هه‌ستیار ى جه‌ماوه‌ره‌که‌ى ده‌دا، بۆیه ئه‌و رۆژانه وا له‌شانۆ ده‌ڕوانرا
(قوتابخانه‌ى گه‌له) و خه‌ڵک سوێندیان به‌پیرۆزیى شانۆ ده‌خوارد.
ئه‌و زه‌مه‌نه شانۆ مه‌سجێکى سیاسى پێ‌بوو، په‌یامى به‌رگریکارانه‌ى له‌رۆحى نه‌ته‌وه
پێ‌بوو. له‌و رۆژه سه‌ختانه‌ى ژێر چه‌پۆکى ریژێمى به‌عسدا هه‌تاوى ئازادیى له‌ودیو
په‌رده‌کانى شانۆوه هه‌ڵده‌هات، هه‌موو بیرێکى به‌گژاچوونه‌وه و شۆرشگێڕیى له‌دیالۆگى
شانۆکاراندا له‌ژێر لوغزێکى هونه‌ریدا خۆیان په‌نادابوو، ئیدى له‌م سه‌روه‌ختانه‌دا
هه‌ره‌س شانۆى کردبۆیه قوتابخانه‌ى کوردایه‌تى و هزرى نه‌ته‌وایه‌تى و جۆشى ئه‌و
جه‌ماوه‌ره‌ى پێده‌دا که له‌ژێر سێبه‌رى ته‌ورى دڕنده‌ترین ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تى
دنیادا دیل کرابوون.
هه‌ره‌س به‌زمانێکى زۆر ئاسان و ساده و میللى که‌ڕه‌شۆکه‌کانیش تێیده‌گه‌یشتن مه‌زنترین
په‌یام و دۆزى ده‌گه‌یاند، ئه‌و ڕقى له‌و ته‌مومژ و گرىَ سه‌یرو سه‌مه‌رانه بوو که‌مێشکى
بینه‌ریان جه‌نجاڵ و سه‌رقاڵ ده‌کرد، ئه‌و وه‌ک (فیتزگیراڵد) ده‌یووت (گرنگ وتنى
شتى گه‌وره‌یه به‌ڕێگه‌ى ئاسان).
ئه‌ولایه‌نگرى شانۆى ریالیزم بوو به‌ڵام ئه‌و ریالیزمه سۆشیالیستییه نا که ببووه
مۆدیلى ئه‌و رۆژگارانه، ئه‌و ڕیالیزمه نا له‌په‌نایدا گوندى کوردستان کاول ده‌کرا
و فرمێسکى له‌بۆ نیگاراگواو ڤێتنام هه‌ڵده‌ڕشت، ئه‌و ڕیالیزمه مارکسییه وشک هه‌ڵاتووه
نا چیرۆکى بۆ خوارووى ئه‌فریکاو فه‌له‌ستین ده‌نووسى وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌وڵاته‌که‌ى
خۆیدا خوێنى مێشووله‌ش نه‌ڕێژرێت.
ریالیزمى هه‌ره‌س وێنه‌دانه‌وه‌ى ئازار‌و نه‌هامه‌تى و مه‌ینه‌تییه‌کانى گه‌له‌که‌ى
بوو، زمانى گوزارشت و هاوارى ئه‌و بۆ ده‌ربڕینى چه‌وساندنه‌وه‌کانى سه‌ر گه‌له‌که‌ى،
شانۆ بوو.
لاى وى ئێستاش شانۆ هه‌مان رۆڵء په‌یامى هه‌یه وه‌لىَ به له‌به‌رچاو گرتنى گۆڕ‌انى
دنیا‌و واقیعى عه‌ینى کۆمه‌ڵگه، ئه‌و کاتێک شانۆى (بێفه‌ڕ)ى له‌سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى
کوردی‌دا نمایشکرد ده‌یه‌ویست لاپه‌ڕه‌کانى گه‌نده‌ڵى و سکه‌نداڵى فایلداره‌کان هه‌ڵبداته‌وه،
شانۆ لێره‌دا جۆرێکه له‌خه‌بات له‌دژى گه‌نده‌ڵى و میرابۆ په‌نهانه‌کانى کورد.
گوگوڵ ده‌ڵێت (هه‌رچه‌ند به به‌رهه‌مه‌کانم پێده‌که‌نم نازانم بۆچى پێده‌که‌نم؟ به‌ڵام
له‌پشکنه‌ردا ده‌زانم بۆچى و به‌چى پێده‌که‌نم؟ چونکه لێره‌دا توانیوومه زۆربه‌ى
که‌موکورتییه‌کانى وڵات کۆبکه‌مه‌وه).
(هه‌ره‌س)یش له (بێفه‌ڕ)دا زۆر به‌باشى ده‌زانێت په‌نجه‌ى خستۆته سه‌رکام برین و
له‌کام سوچ و گۆشه‌وه که‌موکورتى و لاپه‌ڕه ره‌شه‌کان هه‌ڵده‌داته‌وه، هه‌ر به‌شه‌خسى
خۆم کاتێک له‌نێوه‌ڕاستى ساڵى 2004 ئینته‌رڤیویه‌کم له‌گه‌ڵیدا سازدا هه‌ندێجار له‌کاتى
پێکه‌نینه‌کانیدا ئه‌م وته‌زایه‌ى گوگوڵ ده‌هاته‌وه یادم چاک ده‌مزانى به‌چى و
بۆچى پێده‌که‌نىَ؟.
له‌به‌رئه‌وه شانۆ لاى هه‌ره‌س قه‌زیه‌یه و چه‌کێکى کاریگه‌ره نه‌ک ئه‌وه‌ى شانۆ
ته‌نیا به‌تاڵکردنه‌وه یان کات کوشتن بێت که ئێستا زۆربه‌ى خه‌ڵک وا له‌شانۆ تێگه‌یشتوون.
ئاخر هه‌ره‌س ده‌زانێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هونه‌ردا ده‌کات، بۆیه ده‌توانێت
نایابترین کارمان پێشکه‌ش بکات، ده‌زانێت نواندن چییه هه‌ر بۆیه ده‌توانێت سه‌ختترین
رۆڵ وازى بکات. ئه‌و ده‌زانێت هونه‌ر له‌پێناوى چیدا هه‌یه بۆیه واقیعیانه‌ترین
مامه‌ڵه‌ى له‌ته‌کدا ده‌کات.
هه‌ره‌س نه‌ک ته‌نیا نووسه‌رو ده‌رهێنه‌رێکى سه‌رکه‌وتووه به‌ڵکو وه‌ک ئاکته‌ریش
خاوه‌نى نمایشتێکى ناوازه‌و نایانه، ده‌توانێت له‌یه‌ک کاتدا رۆڵى ئیمپراتۆر و هه‌ژارێکیش
وازى بکات.
تایرۆف-ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر یه‌کێک لێم بپرسێت گرانترین به‌شى هونه‌ر کامه‌یه؟ پێى ده‌ڵێم
نواندن، خۆ ئه‌گه‌ر پرسیارێکى تر سه‌باره‌ت به‌ئاسانترین به‌شى هونه‌رکرا ئه‌وه
دووباره هه‌ر ده‌ڵێم: نواندن).
هه‌ره‌س چونکه مه‌له‌وانێکى کارامه‌یه هه‌رگیز له‌مه‌له‌ى نێو ده‌ریا قووڵه‌کان
ناترسێت، ئه‌گه‌رچى نواندن سه‌ختترین به‌شى شانۆیه به‌ڵام ڕه‌نگبىَ لاى ئه‌و
ئاسانترینیان بێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ى توانیویه‌تى ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر شه‌پۆلدا بگرىَ و پرشنگى ئه‌ستێره
چنگیر بکات و له‌به‌رامبه‌ر زریانى دڕندانه‌ترین ده‌سه‌ڵاتدار بوه‌ستێت زۆر ئاسانتر
له‌وه ده‌توانێت وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکى یاخى و هه‌رده‌م سه‌رکه‌وتوو ئاماده‌یى هه‌بێت.
ئه‌و به‌لایه‌وه گرنگ نییه میدیاکانى حیزب و حکومه‌ت گرنگى پێده‌ده‌ن یان نا، ئه‌وه‌ى
گرنگه به‌لایه‌وه هونه‌رو گه‌یاندن و ته‌واوکردنى په‌یامه‌که‌یه‌تى، ئه‌وه ده‌یه‌وێت
شتێک بخاته‌سه‌ر خه‌رمانى هونه‌رو کارێک ته‌واوبکات، ئیتر دواتر گرنگ نییه تاجى
پادشاى هونه‌رى له‌سه‌ر ده‌نرێت یان له‌گۆشه‌گیریدا ده‌خنکێرێت به‌ڵکو هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه
نایه‌وێت ببێته وه‌حشى شاشه.
ئه‌و چونکه سه‌ر به‌ڕێبازى ئیلتیزامه له‌هونه‌ردا ده‌نگى خۆى خستۆته پاڵ ده‌نگی
چاپلین و وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت (گرنگ نییه ده‌رکه‌وتوو بیت گرنگ ئه‌وه‌یه شتێک ببه‌خشیته
خه‌ڵکانى دى).
ئه‌و ده‌رکه‌وتن و به ئه‌فسانه‌کردنى ناوێت، هه‌روه‌ک چۆن چاوه‌ڕێى هیچ پادشایه‌کى
ئه‌م دنیا نییه له‌کیسه‌ى پڕ زێڕوزیو خه‌ڵاتى بکات و له‌شانییه‌وه شه‌قاو بهاوێت،
هیچ داواکارییه‌کى له‌ده‌سه‌ڵات نییه مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌نه‌بێت خوازیایى
ئازادییه لێیان، ئاخر ئازادیى مه‌رجى بنه‌ڕه‌تى هونه‌رو کارى هونه‌رییه، ئه‌گه‌رنا
هه‌ره‌س مه‌لێکى ئه‌وه‌نده سرک و یاخییه به داوى هیچ ده‌سه‌ڵاتێک ناگیرىَ و به‌پاداشتى
هیچ خاوه‌ن شکۆیه‌ک ده‌سته‌مۆ نابێت.
ده‌یه‌وێت فه‌زاو زه‌مینه‌کى ئازاد بڕه‌خسێنێت تاکو بتوانێت په‌یامه پیرۆزه‌که‌ى
که‌سىَ ده‌یه زیاتره له‌کۆڵى ناوه بگه‌یه‌نێته مرۆڤ.
جۆرج لۆکاچ – ده‌نووسێت (کێشه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه نییه هونه‌رمه‌ند له‌کۆندا خۆى
به‌سه‌ربه‌ست نه‌ده‌زانى چونکه ئه‌و قه‌ت خوازیارى ئازادیی نه‌بوو، له‌کاتێکدا له‌دیدى
هونه‌رى ئه‌مرۆدا ئازادیى وه‌ک پێداویستییه‌کى گرنگ و بنه‌ماى هۆشیاریى هونه‌ریى
حیسابى بۆ ده‌کرێت).
هه‌ره‌س چونکه بزنس مان و بازرگان نییه‌و خه‌ون به‌هیچ کۆشک و قه‌سرێکه‌وه
نابینێت ته‌نیا بیرى لاى ئازادییه، چونکه حه‌زى له‌ئامێزگرتنى هیچ ده‌سه‌ڵاتێک
نییه ده‌یه‌وێت مه‌لێکى سه‌ربه‌ست بێت و پڕ به‌گه‌رووى خۆى هاوار بۆ ئازادیى بکات.
ئه‌و چونکه چاوى نه‌بڕیوه‌ته گه‌وهه‌رو زێڕى ئه‌شکه‌وتى تاریکى میره‌کان ده‌توانێت
شه‌ر بۆ ئازادیى بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ئه‌ندێشه‌یدا ئازادیى پێش هه‌ر شتێکه‌و
بگره خه‌مى یه‌که‌مء کۆتاییه‌تى.
هه‌ره‌س وه‌ک نووسه‌رێکى سیاسى
کاتێک چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ (ساره‌ماگۆ) کرا ده‌رباره‌ى رۆمانى (دابڕانه‌کانى مه‌رگ)
له‌به‌شێک له‌وه‌ڵامه‌کانیدا وتى (ره‌نگه ئه‌مه دوا ڕۆمان بێت من بینووسم، چونکه
من هه‌موو شتێک نانووسم).
هه‌ره‌س نه نووسه‌رێکى ده‌رباره‌و نه‌حیکایه‌تخوانى جه‌نگ و سه‌رکه‌وتنه‌کانى حیزب
و نه‌مێژوونووسى سه‌رکرده‌کان، ئه‌و هه‌موو شتێک نانووسێت و ده‌نگى خۆى ده‌خاته
پاڵ ده‌نگى (برگیتا لیلپێرس) و ده‌ڵێت (ده‌بىَ ته‌نیا ئه‌وشتانه بنووسرێت که ده‌بێت
بنووسرێن).
له‌به‌رئه‌وه نووسین له‌لاى هه‌ره‌س پێویستییه و له‌کاتء شوێنى تایبه‌تى خۆیدا له‌دایک
ده‌بێت. وه‌ک نووسه‌رێکى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى پێنووسه‌که‌ى بۆئه‌وه وه‌گه‌ڕ خستووه
تابیرێکى کوردانه‌ى دوور له خڵته‌و ژارى داگیرکه‌ران پێشکه‌ش به‌نه‌وه‌ى داهاتوو
بکات.
ده‌نووسێت تا مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا رێز‌و شکۆى هه‌بێت، ده‌نووسێت تا په‌ڕه‌سێلکه‌کانى
ئازادیى به‌ئاسمانى ساماڵدا بىَ ترس بفڕن، ده‌نووسێت بۆئه‌وه‌ى ده‌ستوورى ئه‌م
وڵاته (بۆنى بوغوردى لىَ نه‌یه‌ت)، ده‌نووسێت تا نه‌وه‌کانى داهاتوو کوێرو کاس و (موزمه‌عیل)
نه‌بن و به‌رچاوى خۆیان ببینن، ده‌نووسێت بۆئه‌وه‌ى مافى منداڵان و به‌ساڵاچووان
پارێزراو بێت.
ده‌نووسێت تا کۆتایى به‌سکه‌نداڵى ژن کوشتن له‌ژێر ناوى ناموسپارێزیى بێت، ده‌نووسێت
تا ئه‌م وڵاته سه‌وزو گه‌شء ئاوه‌دان بێت و ڤایرۆسه‌کانى گه‌نده‌ڵى زاڵ نه‌بن به‌سه‌ر
ژیانى هاوڵاتیانى ڕووت و ڕه‌جاڵدا، ده‌نووسێت تا له‌بێگه‌ردترین ژینگه‌و له‌ژێر
سێبه‌رى دار ژاڵه‌یه‌کدا به‌بىَ ترس و هه‌ڕه‌شه‌ى کو‌لتوور دوو عاشق ژووان ببه‌ستن و
ده‌م له‌نێو ده‌م نێن.
ده‌نوووسێت تا یاساى عه‌شیره‌ت و ته‌ونى که‌ڵچه‌رى هۆزو ده‌سه‌ڵاتى ده‌سته‌و حیزب
کۆتای‌یان پێبێت و کۆمه‌ڵگه له‌سایه‌ى مه‌ده‌نیه‌تدا ئاهێکى شادیى هه‌ڵبکێشێت، ده‌نووسێت
تاچیتر ته‌قه له‌خۆپیشاندان نه‌کرێت، ده‌نووسێت تا مافیاکانى سه‌ربه ده‌سه‌ڵات له‌مه
زیاتر یارى به‌مه‌شاعیرى سىَ ملیۆن مرۆڤى کورد نه‌که‌ن، ده‌نووسێت تا ژیان مانایه‌کى
هه‌بێت.
ده‌نووسێت تا بیرى نه‌ته‌وه‌خوازیى لاى نه‌وه‌کانى داهاتوو چرۆ بکات، ده‌نووسێت بىَ
ئه‌وه‌ى هه‌ناسه‌ى ته‌نگ و ماندوو بێت تا که‌رامه‌ت بگه‌ڕێته‌وه بۆ مرۆڤى دڵشکاو و
ڕه‌نجاوى کورد، بێ‌وچان و بىَ پشوو ده‌نووسێت تا مافء پێویستییه‌کانى مرۆڤ له‌م
وڵاته‌دا ببنه دیفاکتۆ، ده‌نووسێت تا ژیانمان جیاواز بێت له‌گه‌ڵ مردن، ده‌نووسێت
و هه‌رگیز له‌نووسین ماندوو نابێت.
(عونسور مالیکى که‌یکاوس) ده‌ڵێت (رۆشنبیر ئه‌و که‌سه‌یه له‌چاکه‌ى خه‌ڵک ماندوو
نابێت و لۆمه‌ى که‌س ناکات، ئه‌و که‌سه‌یه که ڕاستى به‌نرخى گیانى ده‌کڕێت).
هه‌ره‌س نه‌ک هه‌رگیز ماندوو نه‌بووه له‌داکۆکیکردن له‌خه‌ڵک، به‌ڵکو به‌رده‌وام و
رۆژ له‌دواى رۆژ سوورتره له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌که‌ى و سه‌رتاپاى ژیانى خۆى کردۆته وه‌سیله‌یه‌ک
بۆ ئه‌وه‌ى مانایه‌ک بگرێته‌وه بۆ هه‌بوونى ئه‌و مرۆڤگه‌لانه‌ى که رۆژ نییه له‌سایه‌ى
ده‌سه‌ڵاتى فاشیستى کوردی‌دا بىَ حورمه‌تیان پێنه‌کرێت.
نووسین بۆته خۆراکى ڕۆحى و به‌شێک له پێویستییه‌کانى ژیانى و ته‌نانه‌ت بۆته هه‌ناسه‌ى،
هه‌ره‌س له نووسیندا لایه‌نگرى هه‌میشه‌یى گه‌له‌که‌یه‌تى و له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه
ڕه‌ش و ڕووته‌یه که هیچ ده‌سه‌ڵاتێک سڵى له‌هاڕین و داپڵۆسینء بىَ مافکردنى نه‌کردۆته‌وه.
هه‌میشه له‌سه‌نگه‌رى به‌رگرییدایه له‌به‌شخوراوان و ماف زه‌وتکراوان، قه‌ڵه‌م وه‌ک
شمشێر له‌ڕووى جه‌للاده‌کانى ده‌سه‌ڵات له‌کێلان هه‌ڵده‌کێشێت، نووسین به‌کارده‌هێنىَ
وه‌ک پارێزه‌ر و میکانیزمى به‌رگریى له‌هه‌ر چه‌وساوه‌یه‌ک له‌وڵاته‌که‌یدا.
وه‌ک باڵانش – ده‌ڵێت(ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵ هه‌ڵفڕى هه‌رگیز ناگه‌یته
ئه‌نجام). هه‌ره‌س خاوه‌نى پڕه‌نسیپى چه‌سپیوى خۆیه‌تى، ئه‌مرۆ له‌سه‌ر چڵى نه‌ته‌وه
و سبه‌ینىَ له‌سه‌رلقه پۆپه‌ى ده‌سه‌ڵات نییه، ئه‌و بڕیاریداوه بۆ هه‌میشه وه‌ک
هونه‌رمه‌ندو نووسه‌ر له‌سه‌ر به‌رزایى دره‌ختى گه‌ل بنیشێته‌وه و هێلانه بکات،
بڕیاریداوه موره‌که‌بى قه‌ڵه‌مه به‌بڕشته‌که‌ى تا دوا هه‌ناسه‌ى ژیانى بۆ خزمه‌تى
مرۆڤ بخاته‌گه‌ڕ.
هه‌ره‌س وه‌ک تاراوگه‌نشینێک
شیعرێکى فارسى هه‌یه نازانم خاوه‌نه‌که‌ى کێیه، ده‌ڵێت:
بشنه و ئه‌ز نه‌ى چون حیکایه‌ت میکونه‌د
وه‌ز جوداییها شکایه‌ت میکونه‌د. (1)
هه‌رده‌م گوێم له‌ناخى هه‌ره‌سه‌و گوێم له‌ده‌نگى حیکایه‌ته‌کانییه‌تى له‌تاو
دابڕانه‌کانى له‌زێد، ئه‌و به‌رده‌وام له‌باخچه‌و گوڵزاره دڵڕفێنه‌کانى تاراوگه‌وه
شینى قوڕاوو چڵپاوى وڵات ده‌کات، ئه‌و له‌که‌نارء رۆخى فیرده‌وسدا دڵى لاى دۆزه‌خى
زادگه‌یه.
ئه‌و به‌ته‌نیشت مۆزه‌و میترۆ‌و هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ردا ڕىَ ته‌ى ده‌کات و که‌چى
نیگاى چاوى له‌سه‌ر مه‌زادخانه‌کانى وڵاته، ئه‌و له‌رۆخى ده‌ریادا بیرده‌کاته‌وه
و تینووى قومىَ ئاوى کانیاوه‌کانى کوردستانه، ئه‌و له‌ته‌نیشت باڵه‌خانه به‌رزه‌کانى
ئه‌وروپاو ئه‌مریکاوه له‌نگه‌رى گرتووه که‌چى عاشقى خانووه قوڕینه‌کانى گونده،
ئه‌و ته‌نیا به‌جه‌سته له‌وێیه ئه‌گه‌رنا به‌رۆح و ناواخن هه‌میشه له‌شه‌قامه‌کانى
سلێمانى ده‌ست له‌ملانى چێوارو دڵشاد مه‌ریوانى پیاسه ده‌کاتء له‌ژاوه‌ژاوى
چایخانه‌ى شه‌عبدا چایه‌کى که‌م ره‌نگ هه‌ڵده‌قۆڕێنێت.
دووریى وڵات و غوربه‌ت دووشتى که‌م نین به‌لایه‌وه، به‌ڵىَ ئه‌و ئازارێکى قووڵ و
گه‌وره‌ى وڵاتى له‌دڵى خۆیدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌و ئازاره‌ى ته‌نیا (لویس ئاراگۆن) ده‌توانێت
وه‌سفى بکات کاتێک له‌پۆسته‌ره شیعرێکیدا ده‌ڵێت:
بائه‌و هۆزانڤانه له‌شار وه‌ده‌رنێین
چون له‌شاردا جێیه‌کى وا فراوان نییه
ئه‌و ئازاره بگرێته خۆى
په‌راوێز:
(1)ماناى شیعره فارسییه‌که (گوىَ ڕابگرن بۆ نه‌ى چۆن حیکایه‌تێک ده‌کات و چۆن
هاوار ده‌کات له‌ده‌ست جیابوونه‌وه‌ى له قامیشه‌ڵان).