|
یه‌که‌م هه‌نگاوی ( چۆپی ) بۆ ناو هونه‌ری کوردی، له ناو پاسێکه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد . .......... نوسینی ئیحسان فه‌تاح ده‌مێک بوو گۆرانی گوتن چووبووه ناو خوێنی چۆپی کچمه‌وه، هه‌ندێک جار له ماڵه‌وه که چۆپی گۆرانی ده‌گووت ، من و دایکی خۆمان لێ بێده‌نگ ده‌کرد و گوێمان بۆ ده‌نگی چۆپی شل ده‌کرد و چێژمان له گۆرانێکانی وه‌ورده‌گرت، هه‌ر کاتێک هه‌ستی بکردایه که من و دایکی گوێی لێ ڕاده‌گریین ، گورج بێ ده‌نگ ده‌بوو و له سه‌ره‌وه هاواری ده‌کرد: ئه‌وه بۆچی گوێم لێ ڕاده‌گرن؟. جار جاره‌ش که گرفتێکم ده‌بوو ، چۆپی هه‌ر به‌ده‌م کار کردنه‌وه و له ژێر لێوه‌وه گۆرانی ده‌گووت بۆ خۆی ، که پێم ده‌گووت ئه‌رێ چۆپی بۆ نایبڕیته‌وه, ده تۆزێکیش بێ ده‌نگ به، گوێی لێ ڕانه‌ده‌گرتم و هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بوو. |
ئیتر شته‌که له سه‌ر ئاره‌زووی خۆی بوو، گه‌ر مه‌یلی لێ بوایه که‌س نه‌ی ده‌توانی بێ ده‌نگی بکات و گه‌ر ئاره‌زویشی لێ نه‌بوایه ئه‌وه ئیتر به تکای سه‌د شێخ و مه‌لا، ورته‌ی لێوه نه‌ده‌هات.
ڕۆژێکی هاوینی هۆڵه‌ندا بوو چۆپی ته‌مه‌نی هه‌ر 15 ساڵێک ده‌بوو ، له شاری ( Alkmaar ) ه‌وه ده‌بوایه به پاس بچوینایه بۆ شاری (Koln ) ی ئه‌ڵمانیا، کورده‌کانی باکوری کوردستان ئه‌و چالاکیه‌یان ڕێکخستبوو و پاسه‌که‌ی ئێمه نزیکه‌ی 50 که‌سێکی تێدا ده‌بوو، ڕێگه‌که‌مان 4 کاتژمێرێکی ده‌خایاند، پاسه‌که‌ی ئێمه شۆفێرێکی پیری هۆڵه‌ندی لێی ده‌خوڕی ، زۆر ئارام و له سه‌ر خۆ بوو.
زۆربه‌ی پاسه‌کانی ئه‌وروپا مایکرۆفۆنی تێدایه و هه‌ندێ جار گه‌ر شۆفێره‌که بیه‌وێت شتێک به نه‌فه‌ره‌کان ڕابگه‌یه‌نێت، به‌کاری ده‌هێنێت.
ئه‌و ده‌مه‌ش من و دایکی چۆپی له خه‌می ئه‌وه‌دا بوین که چۆپی زمانی کوردی له بیر نه‌چێته‌وه و هه‌ر ده‌م له بۆنه کوردێکاندا له گه‌ڵ خۆمان ده‌مانگێڕا، بۆ ئه‌وه‌ی له که‌لتوری کوردی زیاتر تێبگات و له هه‌مان کاتدا بیری نه‌چێته‌وه که ئێمه له چی وڵاتێکه‌وه هاتوینه و کێشه‌که‌مان چییه.
پاسه‌که‌مان که‌وته ڕێ و ( Amsterdam ) ی به جێهێشت، برایه‌کی کرمانج مایکی پاسه‌که‌ی گرت و ووتی :
- داواکاریه‌کم هه‌یه، کێ ده‌نگی خۆشه با بێت گۆرانی بڵێت.
له نێو پاسه‌که‌دا بوو به ورته ورت و هه‌ر یه‌کێک له‌وه‌ی ته‌نیشتی داوای ده‌کرد که بچێت گۆرانی بڵێت. چه‌ند که‌سێک چوونه پێشی پاسه‌که و گۆرانیان ووت، ده‌نگ خۆش و لێزانی تێدا بوو، به‌ڵام هه‌ندێک که‌سیش گۆرانیان ووت که‌م تر ده‌نگیان خۆش‌بوو.
دایکی چۆپی، به چۆپی ووت: (چۆپی تۆ بۆ گۆرانی ناڵێیت؟). چۆپی ئاره‌زووی نه‌بوو ، هه‌ندێک شه‌رمیشی ده‌کرد و ئه‌و کاته گۆرانی کوردیشی زۆر نه‌ده‌زانی ، ته‌نها یه‌ک دوو گۆرانی کرمانجی و چه‌ند مه‌قامێکی ماموه‌ستای نه‌مر حه‌مه ساڵح دیلان نه‌بێت.
پاشان ژنێکی کرمانج مایکی وه‌رگرت و مه‌قامێکی ووت ، ده‌نگی هه‌ندێک نه‌شاز بوو و شاره‌زاییه‌که‌شی که‌م بوو له بواری هونه‌ردا.
دوو باره دایکی چۆپی، له چۆپی پرسییه‌وه که گۆرانی بڵێت، ئه‌م جاره‌یان یه‌کسه‌ر نه‌یووت نا هه‌ستم کرد ئاره‌زووی هه‌یه به‌ڵام شه‌رم ده‌کات، منیش پێم ووت:
چۆپی ده‌بێت شه‌رم نه‌که‌یت و هه‌ر هه‌موو ئه‌م براده‌رانه کوردن و که‌سیش گۆرانیبێژ نییه، مه‌رج نییه ده‌نگت خۆش بێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانی بڵێیت، ئه‌مه هه‌ر بۆ کات بردنه سه‌ره و تۆمارییش ناکرێت ، ووتی باشه ده‌یڵێم.
له گه‌ڵ چۆپی ووتی ده‌یڵێم ، ئیتر من و دایکی هه‌ندێک نیگه‌ران بوین و نه‌رمه ترسێک جه‌سته‌ی داگرتیین ، هێشتا مایکرۆفۆن به ده‌ست هه‌رزه‌کارێکی ته‌مه‌ن چوارده پازده ساڵێکه‌وه بوو پاسه‌که‌ش به سه‌ر ئۆتۆبانه‌که‌دا ده‌کشا ، په‌نجه‌ره‌کانی به په‌رده‌ی سینه‌مایه‌کی گه‌وره ده‌چوو هه‌ر جاره‌ی دیمه‌نێکی دڵڕفێن له په‌نجه‌ره‌ی پاسه‌که‌ی ده‌دا، به‌وه ده‌چوو شۆفێره‌که‌ش که‌ش و هه‌وای نێو پاسه‌که‌ی به دڵ بێت، ده‌تگووت ڕۆنی له سمێل ده‌ده‌ن و گوێی ڕاده‌گرت.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رزه‌کاره‌که له گۆرانییه‌که‌ی بووه‌وه، چه‌پڵه‌یه‌کی بۆ لێدرا و مایکه‌که‌ی دانا، کاتێک ته‌ماشای چۆپییم کرد ڕووحی چوو بوو ، ڕه‌نگی هه‌ڵبزرکابوو ، ئیتر نه‌مده‌زانی دڵی چه‌ند خێرا لێده‌دا، به‌ڵام دیار بوو کاره‌که‌ی لا ئاسان نه‌بوو.
هه‌ڤاڵێک گازی کرد
- چۆپی که‌ره‌مکه سترانه‌که‌ت بێژه.
ئه‌و کاته چۆپی به ته‌واوه‌تی ده‌ترسا و به شه‌رمێکی زۆره‌وه هه‌ستایه سه‌ر پێ و مایکه‌که‌ی گرت، ده‌نگه ده‌نگ له ناو پاسه‌که‌دا زۆر بوو هه‌ندێک که‌س گفتووگۆیان ده‌کرد له گه‌ڵ یه‌کتردا، کاتێک که چۆپی به مه‌قامی.
نه‌مردم من ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره بێ تۆ
نه‌چم شه‌رته هه‌تا ئه‌م خواره بێ تۆ
که شیعری حه‌زره‌تی نالییه و ، به ده‌نگی ماموه‌ستای نه‌مر حه‌مه ساڵح دیلان وتراوه.
ئیتر ورده ورده هێمنی باڵی کێشا به‌سه‌ر پاسه‌که‌دا و هه‌موو خڵکه‌که چاویان بڕییه چۆپی، کاتێک که به‌شی یه‌که‌می مه‌قامه‌که‌ی ته‌واو کرد، چه‌پڵه‌یه‌کی زۆر گه‌رم بێده‌نگییه‌که‌ی ورووژان.
من و دایکی چۆپی به ده‌م چه‌پڵه لێدانه‌وه ته‌ماشای یه‌کترمان کرد و له پێشوازی خه‌ڵکه‌که سه‌رمان سوڕما، ئێمه هه‌ستمان کردبوو چۆپی ده‌نگی خۆشه به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌مان نه‌ده‌کرد.
دوای ئه‌و مه‌قامه به‌سته‌یه‌کی وت و خه‌ڵکه‌که داوای گۆرانی زۆرتریان لێکرد، به‌ڵام چۆپی ووتی من گۆرانی کوردی زۆر نازانم، به‌ڵام گۆرانییه‌کی ئینلیزیی پێشکه‌ش به شۆفێره‌که و ئێوه ئه‌که‌م، له وتنی گۆرانی بیانی‌دا گرفتی نه‌بوو، زیاتر کۆنتۆڵی خۆی ده‌کرد .
ئیتر دوای چۆپی ئه‌وه‌نده گۆرانی نه‌وترا ، چه‌ند که‌سێک مایکرۆفۆنیان گرت و باسی ده‌نگی چۆپییان ده‌کرد و هانیان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت.
له ناو پاسه‌که‌دا یه‌کێکی لێ بوو زۆر هۆگری ده‌نگی چۆپی بوو و ووتی من ده‌بێت له گه‌ڵ ئێوه قسه بکه‌م.
به هه‌ر حاڵ ئه‌و براده‌ره ژماره ته‌له‌فۆنی هونه‌رمه‌ندێکی کوردستانی باکوری داپێمان ناوی جواد میرانه ، نیشته‌جێی ئه‌ڵمانیایه ، گه‌ر پێت باشه له به‌شی داهاتودا باسی په‌یوه‌ندیه‌که‌م ده‌که‌م له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جوادا و چۆن هاریکاری چۆپی کراو ده‌رگای جیهانی هونه‌ری کوردی لێکرایه‌وه . وا بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ ده‌چێت من وه‌کوو باوک و مه‌نه‌جه‌ر دوای کاره‌کانی که‌وتووم و خۆشبه‌ختانه هاوکاره‌کانی تا دێت زۆر ده‌بن و چاوه‌ڕوانی کاری چاکتری لێ ده‌که‌ن.
بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی هونه‌ری چۆپی تکایه سه‌ر دانی www.chopy.net/v1 بکه