|
هه‌ردی سه‌ڵاح..گوڵی ته‌خته‌ی موزیکی کوردی هێمن عه‌بدولڕه‌زاق سلێمانی هونه‌ری موزیک و گۆرانی ووتن له مێژووی کۆن و نوێ‌دا ، هونه‌رێک بووه شان به‌شانی هونه‌ره‌کانی تر ، هه‌میشه له پێشکه‌وتن و گۆڕاندا بووه، ئه‌گه‌ر به ووردی سه‌رنجی مێژووی مرۆڤایه‌تی و ووڵاتانی ڕۆژئاوا بده‌ین ، تژییه له داهێنانی زه‌نگین و به سوود بۆ تاکه‌کانی ڕۆژئاوا‌و سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ، ڕه‌نگه له ئێستادا بتوانینن ناوی گه‌لێ له موزیکزانانی گه‌وره‌و به سه‌لیقه، له مێژوودا به نمونه بهێنینه‌وه وه‌ک ( مۆزارت ، بێتهۆڤن ، هایدن ، باخ ) که توانییان گه‌نجینه‌یه‌کی مه‌زن بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی له دوای خۆیان به جێبێڵن ، موزیک له سه‌رده‌مه‌کانی (ئۆتریب) خوای موزیکی یۆنانی و تا سه‌رده‌مه‌کانی ناودارانی تری مرۆڤایه‌تی و ڕۆژئاوا وه‌ک ( سه‌مه‌رتینی ، ئه‌نتۆنیۆ سالێری ، قه‌شه مارتینی، ڤیڤاڵدی ) له سه‌ر چه‌ندین میتۆدی زانستی هه‌وڵی زۆریاندا تا بتوانن موزیک وه‌ک زانسته‌کانی تری مرۆڤایه‌تی چاوی لێ بکرێ و دێباتی زانستییانه‌ی بۆ بکرێ وه‌ک ( زانسته ماتماتیکیه‌کان و زانسته مرۆییه‌کان و زانسته سروشتییه‌کان ) ده‌کرێ نوسه‌رو فه‌یله‌سوف و ڕێبه‌ری شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا و نوسه‌ری ئینسکلۆپیدیای جیهان ( دیدرۆ ) به نمونه بخه‌ینه ژێر باس و ڕاڤه‌کردنه‌وه که ده‌ڵێ ( موزیک لاسایی کردنه‌وه‌ی سروشته ) به مانای موزیک وه‌ک هه‌موو بابه‌ته زانستییه‌کانی تری مرۆڤایه‌تی، هه‌ڵقوڵاوی ڕۆحه زیندووه‌کانی سروشته، نه‌ک هه‌ڵگێڕانه‌وی موزیک به دیوی میزاجه لۆکالییه‌کان و له‌که‌دار کردنی له ڕێگه‌ی که‌سانی نازان و که‌م ئه‌زموونه‌وه ، یه‌کێک له موزیکزانه‌کانی مه‌زنی دنیا و ئه‌ڵمانه‌کان ( بێتهۆڤن ) ه که زۆر به سه‌ختی له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیدا چۆته‌وه به گژ ئه‌و که‌سانه‌ی که نیازیان بوه موزیک وه‌ک ناوێک بۆ بنه‌ماڵه ئه‌رستۆکراته‌کانی ئه‌و کاته‌ی نه‌مسا به‌کار بێنن و له سه‌ر ویست و ئاره‌زووی ئه‌وان موزیک گوێی لێ بگیرێ و ده‌سته‌مۆ بکرێ ، ته‌نانه‌ت ده‌گێڕنه‌وه جارێک بێتهۆڤن په‌لاماری خاوه‌ن ماڵه‌که‌ی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی کورسیه‌ک بکێشێ به سه‌ریدا، به‌ڵام هاوڕێکانی ده‌یگرن و کۆتایی به شه‌ڕه‌که‌یان دێت و ئیدی له‌و ساته‌وه گشت موزیکزانان وه‌ک خزمه‌تکار و نۆکه‌ر چاویان لێ نه‌کرێ و ئازاد ده‌بن له دانانی موزیکه‌کانیان ، هه‌ر بێتهۆڤن بوو توانی ( ماسک و بارۆک ) له سه‌ر سه‌ری موزیکزانه‌کان داگرێت و سه‌ربه‌ست بن له دانانی سیمفۆنیاکانیانداو پردێک بێت بۆ په‌ڕینه‌وه له سه‌رده‌می ( کلاسیک )ه‌وه بۆ سه‌رده‌می ( ڕۆمانتیک ) ئه‌م داهێنان و میتۆده جیدییه، کارێکی وای کرد موزیک وه‌ک به‌شێکی گرنگی ژیانی مرۆڤایه‌تی و ئه‌کادییمیه‌کان دیدو پێوانه‌ی زانستییانه‌ی بۆ بکرێ ، گه‌لی کوردیش وه‌ک هه‌موو گه‌لانی تری دنیا شێواز و ڕێگای زۆری به‌کار هێناوه بۆ پاراستنی موزیک و ده‌نگه ڕه‌سه‌نه‌کانی دنیایی گۆرانی کوردی ، که ده‌کرێ لێره‌دا ئاماژه به گه‌لێ هونه‌رمه‌ند و ده‌نگ خۆشی گه‌له‌که‌مان بکه‌ین ، که‌بوونه‌ته هه‌وێنی ده‌نگ خۆشانی دووای خۆیان وه‌ک ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سخه‌ری کوردستانی ، مامۆستا تایه‌ر تۆفیق ، موحه‌مه‌د ساڵه‌ح دیلان ، سێوه، کاوێس ئاغا ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، حه‌سه‌ن زیره‌ک، ماملێ ، مه‌زهه‌ری خالقی، فه‌یزی ره‌شید نه‌ژاد، سمایلی سابووری ) که هه‌ر یه‌کێ له‌م ده‌نگانه خاوه‌نی قوتابخانه‌یه‌کی ڕه‌سه‌نن له دنیای گۆرانی کوردی‌دا، به دیوێکی تردا،موزیکزانان و هونه‌رمه‌ندانی کورد وه‌ک ( مامۆستا قادر دیلان ، مامۆستا ولیه‌م یوحه‌نا، مامۆستا باکوری ، شه‌ماڵ سائیب ، قادر مه‌ردان ، مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، مامۆستا غه‌مگین فه‌ره‌ج، فه‌رهاد موحه‌مه‌د ) که توانیویانه موزیکی ڕه‌سه‌نی کوردی له میلۆدی بێگانه بپارێزن و موزیکی کوردی خۆشه‌ویست بکه‌ن له لای گوێگرانی کورد به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک ( قادرکابان ، ئیبراهیم خه‌یات ، عوسمان عه‌لی ، عه‌دنان که‌ریم ، بورهان مه‌جید ، به‌هجه‌ت یه‌حیا ، په‌یمان عومه‌ر ، ئاڵا عومه‌ر ، تارا ڕه‌سوڵ ، ئازاد خانه‌قینی ، حه‌مه ڕه‌ووف که‌رکوکی ، هۆمه‌ر دزه‌یی، دیاری قه‌ره‌داخی ) و چه‌ندین ده‌نگ خۆشی تری گه‌له‌که‌مان ، که هه‌ر یه‌کێ له‌م ده‌نگ خۆش و هونه‌رمه‌ندانه ده‌کرێ قسه و باسی زۆری له‌سه‌ر بکه‌ین ، که شایسته‌ی ژیانی هونه‌رییان بێت ، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه که گه‌ره‌کمه لێره‌دا قسه‌ی له سه‌ر بکه‌م، مه‌قامبێژانی کورده که به پێی پێویست و له سه‌ر شێوازی زانستی کاری جیدی بۆ نه‌کراوه، به پێی یه‌کێک له لێکۆلینه‌وه‌کانی مامۆستای هێژاو خۆشه‌ویست پڕۆفیسۆر دکتۆر ( جه‌مال نه‌به‌ز ) کورد خاوه‌نی داهێنانی گه‌وره‌یه له مه‌قامه‌کان وه‌ک مه‌قامی ( ڕاست ) که مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێنج هه‌زار ساڵ به‌ر له ئێستا و له‌سه‌رده‌می ( زه‌رده‌شت ) یه‌کاندا ئه‌م مه‌قامه‌یان چڕیوه به شێوه‌ی ( هۆزانڤانه‌کانی زه‌رده‌شت ) و کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی دێرین خاوه‌نی مه‌قامی ڕاسته وه‌ک ده‌ڵێن ( مه‌قام ڕاست کوردان ) ته‌نانه‌ت مه‌قامبێژی گه‌وره‌ی کورد مامۆستا ( شه‌ڵتاخ ئه‌فه‌ندی ) یه‌کێک له مه‌قامه‌کانی زیندو کردۆته‌وه و پاشان ( گوبانچی ) ده‌سکاری کردووه‌و ناوی لێناوه مه‌قامی ( قه‌ته‌ر ) که سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌قامی ( ئه‌ڵاوه‌یسی ) که مامۆستا( قه‌یس قه‌ره‌داخی ) له یه‌کێک له ووتاره‌کانیدا به شێوه‌یه‌کی زانستییانه شیکردۆته‌وه، پاشان مه‌قامبێژانی وه‌ک( شوکرخه‌یات و سه‌ڵاح داوده) به ده‌نگه خۆش و ڕه‌سه‌نه‌کانیان پارێزگارییه‌کی گه‌وره‌یان کردووه له مه‌قامه‌کانی ( ڕاست و قه‌تارو ئه‌ڵاوه‌یسی و ئای ئای و خاوکه‌ر ) و گشت مه‌قامه کوردییه‌کانی تر ، که ده‌بێت ناویان له مێژوودا له بیر نه‌کرێ و گه‌لی کورد به شانازییه‌وه ناویان بنوسێته‌وه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه ، به بڕاوی من ده‌بێت ( ده‌نگ خۆش و هونه‌رمه‌ند و گۆرانی بێژ ) له یه‌کدی جودا بکرێته‌وه و هه‌ر یه‌که‌یان پێوانه‌ی خۆی بۆ بکرێ له ئاست هونه‌ری موزیک و هونه‌ری گۆرانی ووتندا، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا موزیکی کوردی توشی هه‌ڵدێرێکی خه‌ته‌رناک بووه‌و پێویسته مامۆستایانی شاره‌زا ڕێگه نه‌ده‌ن که‌سانی نه‌زان و سه‌قه‌ت یاری به هونه‌ری موزیکی کوردی بکه‌ن و میلۆدی بێگان ئاوێته بکه‌ن له‌گه‌ڵ موزیکی کوردی ، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێ که‌سی به ناو هونه‌رمه‌ند زۆر به ئاشکراو به به‌رچاوی موزیکزانانی کورده‌وه ، میلۆدی بێگانه ئه‌دزنه ناو گۆرانیه‌کانیانه‌وه و میزاجی گوێگر تێک ده‌ده‌ن، یه‌کێک له‌و به‌ناو گۆرانی بێژانه ( هه‌ردی سه‌ڵاح ) ه که نه‌ک خزمه‌ت به موزیکی کوردی ناکات به‌ڵکو زیانێکی گه‌وره‌ی له موزیکی کوردی داوه‌و ده‌یه‌وێت به میلۆدی بێگانه موزیکی کوردی له‌که‌دار و که‌م بایه‌خ بکات ، له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌م به‌ناو گۆرانی بێژه گه‌نده‌ڵه، توشی سه‌مای سیخوری بوه و وه‌ک ( موفه‌وه‌زی ئاسایشی گشتی هه‌ولێر ) دامه‌زراوه‌و مانگانه بڕی ( 330،000 ) هه‌زار دینار موچه‌یه‌تی، له هه‌مان کاتدا مامۆستای په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کانه و لاوی کورد فێری دزینی میلۆدی تورکی و ئه‌ره‌بیسک ده‌کا‌ت، ده‌کرێت هه‌ردی سه‌ڵاح وه‌ک یه‌کێک له سیخوره‌کانی گوڵه‌کانی ته‌خته ناو زه‌ند بکه‌ین ، له ساڵه‌کانی سه‌رده‌می ( ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات ) دا که ووڵاتێکی سۆسیالیستی بوو ، ده‌زگای ئه‌منی ئه‌و ووڵاته به‌ناوی ( شتازی ) کۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ند و نوسه‌ری وه‌ک سیخور به‌کار ده‌هێنا، بۆ چاودێری کردنی هونه‌رمه‌ند و نوسه‌رانی ئازادی خواز ، له دووای روخانی دیواری به‌رلین و یه‌ک بوونه‌وه‌یهه‌ردوو ئه‌ڵمانیاو ده‌ست گرتن به سه‌ر ده‌زگا سیخورییه‌کانی ( شتازی) دا، کۆمه‌ڵێ که‌سی نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند ناویان وه‌ک سیخوری ئه‌و ده‌زگایه ئاشکرا بوو، وه له لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌ڵمانیاوه ئه‌و به‌ناو نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه ناویان لێ‌نرا ( گوڵه ته‌خته‌کان ) و تا ئێستا سه‌ریان نه‌وییه له به‌رامبه‌ر ئازادیخوازانی ئه‌ڵمانیا و دنیا، دڵنیام هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که سیخوری بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن ڕۆژێک دێت به‌ر لێپێچینه‌وه ده‌که‌ون و بۆ هه‌تا هه‌تایه سه‌ریان شۆڕ ده‌بێت ، له ئاست هونه‌ر و موزیکی ڕه‌سه‌ندا، ماوه بڵێم هونه‌ر کردن مرۆڤی ژیر و پاکژی گه‌ره‌که ، نه‌ک پیاوی ئاسایش. |