![]() |
بژار
دیلان کانیاوێکی ووشک نه‌بووی خه‌باته له عیشق و هونه‌ری گه‌له‌که‌مان |
ئه‌و که‌سانه‌ی که به تابلۆ و ڕژاندنی شیله‌ی خامه ده‌که‌ن نه‌خشه‌ی هه‌ست و نه‌ستیان،
ئه‌و که‌سانه‌ی که به
ئه‌دا و ده‌نگ و ئاوازه شیرینه‌کانیان تێکه‌لًَی جه‌سته‌ی مرۆڤه هه‌ست ناسکه‌کان
ده‌بن، به‌ڵام ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین و به‌خشراوه به‌هره خودایه‌کانیش له په‌رده
بۆ په‌رده و له ژێ بۆ ژێی عود و که‌مانچه و گیتاری خۆشه‌ویستی بازه و باز ده‌که‌ن.
له‌وانه‌یه زۆرنه‌بن ئه‌وانه‌ی که بتوانن له ماندوویی و شه‌ونخونی ئازاری ئه‌م
په‌نجه زێرینانه تێبگه‌ن.به‌ڵام هه‌ر شۆرشێ که به ده‌ستی شۆرشگێرێک به‌رپا ده‌کرێت
جۆرێک له ئامانج ده‌پێکێ، به تایبه‌ت ئه‌و خه‌باته‌ی که له پێناو خزمه‌ت و
هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌ی که گه‌له‌که‌ی چاوه‌ڕێی ده‌کات شایه‌نی ڕێزی هه‌ر
تاکێکی میلله‌ته.
یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌نده پێشچاوانه‌ی که له هه‌نده‌ران ژیان به سه‌ر ده‌بات
کاک بژار دیلانه که که‌م هونه‌رمه‌ند هه‌یه ناوی ئه‌م خه‌باتگێره‌ی نه‌بیستبێت و
له کاری هونه‌ری کاک بژار یارمه‌تی ده‌ری نه‌بووبێ.
بژار دیلان له ساڵی 1991 په‌نا بۆ هه‌نده‌ران دێنێ و کاری سه‌ره‌کی هونه‌رمه‌ند
خزمه‌تی هونه‌ره‌که‌یتی.
خۆی خاوه‌نی ستۆدیویه‌که و که خزمه‌تی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی پێ ده‌کات، سه‌ره‌ڕای
ئاماده‌کردن و کاره‌کانی تر وه که‌سێک که کۆڵنه‌ده‌ری خه‌باته‌که‌ی بێت ده‌بێته
نمونه‌ی کاک (بژار دیلان) و که خۆی خوڵقێنه‌ری ئه‌وه ده‌بێت که خه‌ڵکان بکه‌ونه
سۆراخی چه‌ندین پرسیار و هێنانه‌به‌رباسی چه‌ندین بابه‌ت له ژیانی خه‌باتگێڕیی خۆی.
بۆیه چه‌ند پرسیارێکمان ئاراسته کرد.........
ڕه‌وه‌زـ ناوی ته‌واوی کاک بژار چیه؟ و له دیک بووی کامه
شاری کوردستانه؟
بژارـ ناوی ته‌واوم (بژار دیلان)ه و له دایک بووی شاری (دهۆک)م.
ڕه‌وه‌زـ یه‌که‌م که‌س که په‌یوه‌ندی هونه‌ریت پێوه کرد؟
وه له چ شارێکی کوردستان؟
بژارـ له به‌ر ئه‌وه‌ی برا گه‌وره‌ی من کاک نزار میوزک ژه‌ن بوو ،هه‌ر له
ڕێگای ئه‌و به دونیایی هونه‌ری میوزیک ئاشنا بووم له شاری هه‌ولێر له ساڵی 1977
له تیپی مناڵانی هه‌ولێر.
ڕه‌وه‌زـ له ساڵی چه‌ند په‌نات هێنا بۆ تاراوگه؟ وه بۆچی؟
بژارـ له ساڵی 1991 هاتومه‌ته وڵاتی سوێد،بێ گومان وه‌کو زۆربه‌ی زۆری
هاوڵاتیان له به‌ر باری ناهه‌مواری کوردستان ڕووم له ده‌ره‌وه کردووه.
ڕه‌وه‌زـ تا ئێستا ئاوازت به کێ به‌خشیوه؟
بژارـ من بۆ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان ئاوازم داناوه ،وه‌کو قادر ئه‌سعه‌د ،
زه‌که‌ریا ، نه‌ریمان بابان ،چنار، هه‌روه‌ها هه‌ندێک له گۆرانیه‌کانی خۆم، به‌ڵام
من زیاتر کاری دابه‌ش کردن و ئاماده‌کردن ، بۆ زۆربه‌ی زۆری هونه‌رماندان ئه‌نجام
ده‌ده‌م بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زیاتر له 170 به‌رهه‌مم کردووه.
ڕه‌وه‌زـ چه‌ند جار سه‌فه‌ری کوردستانت کردووه به‌مه‌به‌ستی
کاری هونه‌ری و ئاهه‌نگ گێران وه ئایا نیازت هه‌یه که بچیت؟
بژارـ من تاکو ئێستا ته‌نها جارێک سه‌ردانی کوردستانم کردووه ،ئه‌ویش بۆ ئه‌نجام
دانی چه‌ند کۆنسێرتێک بۆ هونه‌رمه‌ند زه‌که‌ریا، ئه‌م ساڵیش خه‌ریکی سه‌فه‌رێکی ترم
له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند قادر ئه‌سعه‌د بۆ کۆنسێرتی سه‌ری ساڵ.
ڕه‌وه‌زـ چه‌ند له ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ت هونه‌رمه‌ندن؟
بژارـ نزاری برام گیتار ده‌ژه‌نێ هه‌روه‌ها دوو خوشکیشم هه‌ر له ناوه‌ندی
هونه‌ری کار ده‌که‌ن وه‌کو وێنه‌کێشان و دیزاین.
ڕه‌وه‌زـ وه‌ک له زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و بۆنه‌کان دا تۆ ده‌دیترێیت
و بینراوی و وه زۆربه‌ی خه‌باتی هونه‌ریت له‌گه‌ڵ ژێیه زێڕین و پڕ هه‌سته‌کانی
گیتاڕ به‌سه‌ر بردووه بۆچی ئامێرێکی تر نه‌بووه ژێرپه‌نجه کاک بژار؟
بژارـ چونکه من حه‌زم به ئامێره ڕۆژئاوایه‌کان بوو زیاتر بۆیه گیتار
بێزم هه‌ڵبژارد، هه‌روه‌ها من شاره‌زایم هه‌یه له چه‌ند ئامێری تری ڕۆژئاوایی،به‌ڵام
گیتار به‌کاری سه‌ره‌کی خۆم ده‌زانم.
ڕه‌وه‌زـ ئایا کاک بژار له چی ده‌بێت دڵشکاو وه به‌چی زه‌رده‌خه‌نه
سه‌رلێوی داده‌پۆشێ؟
بژارـ من هه‌میشه به دڵ شکاوی ده‌مینێمه‌وه تا به‌رپرسانی هونه‌ری ووڵاته‌که‌م
له ئه‌ندێشه‌ی هونه‌رمه‌ندانی کورد بێ خه‌به‌ربن و نایه‌نه‌وێش له ئازاره‌کانمان
تێ بگه‌ن، که‌چی به‌به‌ر چاوی ئێمه‌وه له خزمه‌ت خه‌ڵکی نا هونه‌رمه‌ندی ووڵاتانی
ترن، ئه‌وه‌ی جێگای داخێکی گه‌وره‌شه ئێستا خه‌ریکن ناسنامه‌ی کوردیشمان له ده‌سێننه‌وه
به به‌کار‌هێنانی نازناوی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وروپا، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه که‌سانێکی
فارس دێنن له تاران که رسته‌ێک له زمانی کوردی نازانێ پێی ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ندی
گه‌وره‌ی کورد ، من نازانم ئه‌وه چ حکمه‌تێکه به‌رپرسانی هونه‌ری وڵاته نه‌گبه‌ته‌که‌ی
من هه‌یانه ، ئه‌وکاته‌ش زه‌رده‌خه‌نه دێته سه‌ر لێوی بژار دیلان که گه‌وره‌کانمان
له‌و خه‌ونه بۆگه‌نه ترسناکه خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه‌و زیاتر خزمه‌تی ماڵه‌که‌ی
خۆیان ده‌که‌ن، دیاره مه‌به‌ستم نیشتمانه‌که‌مه .
ڕه‌وه‌زـ که‌م هونه‌رمه‌ند هه‌یه که تۆ ئاوازت بۆ دابه‌ش
نه‌کردبێت و یارمه‌تیت نه‌دابێت. ئێستاش وه‌ک ده‌بینین زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان له
ووڵاتی تورکیا به‌رهه‌می هونه‌ری چاک ده‌که‌ن تاچه‌ند کاک بژار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه
که هونه‌رمه‌ندان به مۆسیقای بیانی خزمه‌تی هونه‌ر بکه‌ن؟
بژارـ من له گه‌ڵ هه‌موو کارێکی تازه‌گه‌ریم به مه‌رجێک کاره‌کان له ره‌سه‌نایه‌تی
کورد که‌م نه‌کاته‌وه، جا له هه‌ر شوێنێکی جیهان بکرێت.
ڕه‌وه‌زـ ئه‌و جیاوازیه چیه؟ که هونه‌رمه‌ند زه‌که‌ریا هه‌یه‌تی
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تر که له تورکیا به‌رهه‌می هونه‌ری چاک ده‌که‌ن له کاتێک
دا که ئه‌م هونه‌رمه‌نده زیاتر له هونه‌رمه‌ندانی تر ده‌که‌وێته به‌ر باس و
ترنجی نووسه‌ران بۆیه ئه‌م پرسیاره ده‌بێته میوانی تۆ، ئێمه بینه‌ری ئه‌وه
بووین که چه‌ند ساڵێک له‌گه‌ڵ زه‌که‌ریای هونه‌رمه‌ند دابووی و شوێن په‌نجه‌ی تۆ
له به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌کانی ئه‌و دا دیاره..
بژارـ به‌ڵێ ڕاسته هه‌ندێک له هونه‌رمه‌ندان کاری خۆیان له تورکیا کردووه ، به‌ڵام
بۆ زه‌که‌یا زیاتر ده‌که‌وێته به‌ر ڕه‌خنه چونکه ئه‌و ده‌ست پێشخه‌ری کرد له‌م
کاره توانیشی سه‌رکه‌وتوو بێت له کاره‌کانی ، زۆر ئه‌سایشه‌که هونه‌رمه‌ند بکه‌وێته
به‌ر ڕه‌خنه له‌م کاتانه‌دا.
ڕه‌وه‌زـ گه‌نج داینه‌مۆی زۆربه‌ی گۆڕانه‌کانی زۆربه‌ی
ئاراسته‌کانی ژیانه . ئایا سه‌نته‌ره رۆشنبیری و هونه‌ریه‌کانی کوردستان تاچه‌ند
کاریان له گه‌نجان کردووه و ڕێ نیشانده‌ری پرسه سه‌ره‌کیه‌کانی گه‌نجانن؟؟ له
لایه‌نه هونه‌ریه‌کان به‌تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا.
بژارـ من پێم وا نیه ڕۆڵێکی گرنگیان هه‌بێ ئه‌م سه‌نته‌رانه له بواری
هونه‌ری موسیک ، نمونوشمان تاکو ئێستا خه‌ڵکانێک دروست نه‌بونه که جێگای سه‌رنج
بێت و خاوه‌ن داهێنانێک بێت.
ڕه‌وه‌زـ کاری نوێی کاک بژار چیه؟
بژارـ ئه‌و کاره تازانه‌ی ئێستا سه‌رقالیمه به ئاماده‌کردن و دابه‌شکردنیان
بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ن له‌یلا فه‌ریقی وچنارو ناسری ڕه‌زازی و نه‌ریمان بابان ،قادر
ئه‌سعه‌د ،ڕۆژ ، شوان فواد ئه‌حمه‌د ،ئه‌یاد ، هونه‌ر محه‌مه‌د جزا ،سالار وکه‌مال،
دانیال،دانا، زانا،ده‌روون، هه‌ره‌وه‌ها گۆرانی بێژی ئاشوری ناودار سه‌رگۆن هورمز و
سعاد ئه‌لیاس.
ڕه‌وه‌زـ بیرت له‌وه نه‌کردۆته‌وه که ستۆدیۆیه‌کی هاوشێوه‌ی
ستۆدیۆیه‌که‌ت له کوردستان دروست بکه‌یت؟ ئه‌گه‌رنا بۆچی؟
بژارـ پێویسته حکومه‌تی هه‌رێم بۆ خۆی بیر له‌م کاره پیرۆزه بکاته‌وه که
بۆشایێکی ئێجگار گه‌وره‌ی دروست کردووه له کوردستان ، هه‌ر کاتێکیش حکومه‌تی هه‌رێم
ئه‌م کاره به من بسپێرن زۆر به دڵسۆزی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م و شه‌ره‌فێکی گه‌وره
ده‌بێت بۆ من ، به‌ڵام به داخه‌وه خه‌ڵکانێکی زۆر له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ
کوردستان به ناوی ئه‌ندازیاری ده‌نگ کۆمه‌ڵێک وه‌عدی نادروستیان به حکومه‌ت داوه‌و
جێبه‌جێشیان نه‌کردووه ، بۆیه ناهه‌قی حکومه‌تیش ناگرم ئه‌گه‌ر له‌م کاره‌یاندا
که‌م ته‌رخه‌م بووینه باوه‌ڕیان نه‌ماوه‌و سه‌ریان لێ شێواوه .
ڕه‌وه‌زـ وه‌ک ده‌بینن زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان له ووڵاتی
سوید نیشته‌جێن ئایا ئه‌و جیاوازیه چیه که ووڵاتی سوید هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ
ووڵاتانی تر؟
بژارـ به‌ڵێ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی کورد له وڵاتی سوید نیشته‌جێبونه ،ئه‌وه‌شمان
له یاد نه‌چی به‌شێک له‌و هونه‌رمه‌ندانه به شێوه‌ێکی زۆر چالاک کاره‌کانیان ئه‌نجام
ده‌ده‌ن په‌ره به هونه‌ره‌کانیان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها بوونی هونه‌رمه‌ندانی تایبه‌ت
به کاری دابه‌ش کردن وئاماده‌کردن له بواری موسیک کار ئاسانێکی ڕاده به‌ده‌ری بۆ
هونه‌رمه‌ندان هه‌ڵڕه‌خساندووه له وڵاتی سوید .
ڕه‌وه‌زـ ئایا ئاینده‌ی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی کورد به‌ره‌و
باشتر ناچن ئه‌گه‌ر که‌ناڵێکی سه‌ربه‌خۆی هونه‌ری هه‌بێت؟ وه بۆ نه‌کردنی ئه‌و
جیاوازیه‌ی که هه‌ندێک له هونه‌رمه‌ندان گله‌یی ئه‌وه ده‌که‌ن.که گوایه که‌ناڵه
کوردیه‌کان جۆرێک له جیاوازی دروست ده‌که‌ن.له بواره هونه‌ریه‌کان به‌تایبه‌ت
گۆرانی و موزیک.
بژارـ دیاره بوونی که‌ناڵێکی هوونه‌ری کوردی سه‌ربه‌خۆ بمانه‌ێ نه‌مانه‌وێ
کارێکی سه‌ره‌ده‌مانه‌یه بۆ بره‌و دان بۆ پێشخستنی هونه‌ری کوردی ،ئومێده‌خوازم که
له ئاینده‌دا بیر له دامه‌زراندنی ئه‌م جۆره که‌ناڵه بکرێته‌وه .
ڕه‌وه‌زـ پێش ماوه‌ێک هه‌واڵێک له ماڵپه‌ڕی چرا موسیک سه‌باره‌ت
به به‌ڕێزتان بڵاو کرایه‌وه ،به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌کی زۆر کورت هه‌واڵه‌که له
لایه‌ن به‌ڕێزتان هه‌ڵگیرا له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا ، ده‌کرێ بزانین هۆ‌ی چی بوو؟
بژارـ به‌ڵێ زۆر ڕاسته من خۆم په‌یوه‌ندیم کرد به به‌رپرسانی ئه‌م ماڵپه‌ره به‌ڕێزه،
داوام کرد که ئه‌م هه‌واڵه بڵاو نه‌کرێته‌وه، هه‌رچه‌ند هه‌واڵه‌که ڕاست بوو ده‌رباره‌ی
چه‌ند که‌سێک به ناو هونه‌رمه‌ند که من کاره‌کانیانم بۆ ئه‌نجام دابوو به‌ڵام زۆر
به داخه‌وه دوور له ڕه‌وشتی به‌رزی هونه‌رمه‌ندانه پاش ته‌واو بوونی کاره‌کانیان
پاره و خه‌رجی کاره‌کانیان نه‌داو خۆیان شارده‌وه و ژماره ته‌له‌فونه‌کانیان
گۆری. دیاره ئه‌مه‌ش که‌لتورێکی تازه‌یه که ئه‌م گۆرانیبێژه تازانه دروستیان
کردووه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م که‌سانه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌یانه‌وێ مێژووێکی پڕ له شه‌رمه‌زاری
و ڕه‌ش بۆ خۆیان دروست بکه‌ن، وه من نامه‌وێت زیاتر گرنگی به‌م که‌سه نه‌خۆشانه
بده‌م با ئه‌وه‌نده به‌س بێت.
ڕه‌وه‌زـ له کۆتای پرسیاره‌کانمان دوا ووته‌ی هونه‌رمه‌ند
چیه؟
بژارـ له کۆتایدا سوپاس بۆ ئێوه که له‌م دیمانه‌یه‌دا منتان به سه‌ر کرده‌وه.
ڕه‌وه‌زـ ئێمه‌ش سوپاست ده‌که‌ین بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی چه‌ند
پرسیارێکی ئێمه، هیوای سه‌رکه‌وتنت بۆ ده‌خوازین و هیوادارین که میلله‌ته‌که‌مان
ببێت به خاوه‌نی چه‌ندین که‌سی خزمه‌تکاری وه‌کو تۆ.
rawaz_faris@hotmail.co.uk