هه‌ولێر..فێستیڤاڵی یه‌ڵماز گۆنای ده‌ستیپێكرد
19:25
10/09/2006
PUKmedia هه‌ولێر:
به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی یه‌ڵماز گۆنای هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی
سینه‌ماكاری كورده‌وه، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه 10/9 فێستیڤاڵی یه‌ڵماز
گۆنای ده‌ستیپێكرد.
له‌و فێستیڤاڵه‌دا كه له‌هۆڵی یه‌ڵماز گۆنای له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ڕێوه‌چوو و
تا 12/9 به‌رده‌وام ده‌بێت، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌سینه‌ماكاران و هونه‌رمه‌ندان و
هونه‌ردۆستان ئاماده‌یبوون و له‌رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵدا فه‌رزند كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری
سینه‌ما له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌وته‌یه‌كدا ئاماژه‌یكرد به‌رۆڵ و بایه‌خی سینه‌ما
له‌ناساندنی گه‌لاندا، وتیشی: سینه‌ما وه‌ك ئامرازێك ده‌توانرێت له‌رێگایه‌وه
گوزارشت له‌ناخی كۆمه‌ڵگای پێبكرێت و مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی پێ ده‌سته‌به‌ر
بكرێت.
له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌ما له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌وڵه‌كانی
یه‌ڵماز گۆنای به‌رزنرخاندو له‌و باره‌یه‌وه وتی: هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان
یه‌ڵماز گۆنای به‌درێژایی ژیانی هه‌وڵه‌كانی چڕكردبووه‌وه بۆ ئاشناكردنی میلله‌تی
كورد به‌میلله‌تانی جیهان له‌رێگای هونه‌ری سینه‌ماوه.
جێی ئاماژه‌یه فێستیڤاڵه‌كه به‌نمایشكردنی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری له‌سه‌ر ژیان و
به‌رهه‌مه‌كانی یه‌ڵماز گۆنای ده‌ستیپێكرد و بڕیاریشه له‌ماوه‌ی 3 رۆژی فێستیڤاڵه‌كه‌دا
هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ورد له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی یه‌ڵماز گۆنای له‌لایه‌ن سینه‌ماكاران
و ده‌رهێنه‌رانی كورده‌وه بكرێت.